پاداشتی خوێندنی سورەتی مولك‏



پاداشتی خوێندنی سورەتی مولك‏

الحمد لله حمدا يبلغ رضاه، وصلى الله على أشرف من اجتباه، وعلى من صاحبه ووالاه، وسلم تسليما لا يدرك منتهاه ‏
قورئان هەمووی وتەی خوای پەروەردگارە و لە ڕێگەی جبریلەوە – علیە السلام – ناردوویەتیە خوارەوە بۆ ‏‏پێغەمبەری خوا (‏صلى الله عليه وسلم ‏)، بۆ ئەوەی خەڵكی لە:‏
‏ گومڕاییەكانی كوفر و شیرك و ستەمەوە دەربكات بۆ ڕووناكیەكانی یەكتاپەرستی و باوەڕ و دادپەروەری.‏
خەڵكی لە بەندایەتی بەندەكان ڕزگاربكات بۆ بەندایەتیكردن بۆ خوای بەندەكان.‏
خەڵكی لە ڕەوشت نزمی و خراپەكاری دەربكات بۆ ڕەوشت بەرزی و چاكەكاری.‏
ئەم قورئانە پیرۆز و پڕ بەرەكەتە هەر سورەت و ئایەتێكی بخوێنیتەوە خێر و پاداشتی گەورەت دەست ‏دەكەوێت ‏بەڵام هەندێك سورەتی تێدایە تایبەتمەندی زیاتری هەیە و خوێنەرەكەی پاداشتی زیاتری دەست ‏دەكەوێت، ‏یەكێك لەو سورەتانەش سورەتی مولكە.‏
‏ [سورەتی مولك باسی چی دەكات؟] ‏ ‏
باسی چەندین بابەتی گەورە دەكات هەندێك لەوانە:‏
‏ 1. دەسەڵاتی خوا سبحانە لەوەی كە موڵكی بە دەستە و مردن و ژیانی بۆ تاقیكردنەوە دروست كردووە، و ‏‏ئاسمانەكانی بەڕێك و پێكی بەدیهێناوە.‏
‏2. باسی سزای بێباوەڕان دەكات كە دەخرێنە ناو دۆزەخەوە لەكاتێكدا كە دۆزەخ ناڵەو قیژەی لێوە دێت، ‏و لە ‏ڕق و قینی بێباوەڕان و تاوانباراندا خەریكە پارچە پارچە ببێت، ئەوسا لەو بارە ناڕەحەتەدا ‏دۆزەخیەكان دان بە ‏تاوانەكانی خۆیاندا دەنێن و پەشیمانی دەكێشن و دەڵێن: ئەگەر گوێمان بگرتبایە و ‏ژیریمان بە كاربهێنایە ئەوا ‏لە جێنیشانی دۆزەخ نەدەبووین بەڵام پەشیمان بوونەوە لە كاتی خۆیدا نەبێت ‏سوودی چیە ؟ هیچ...‏
‏3. باسی پاداشتی ئەو كەسانە دەكات كە لە پەنهانیدا و لەكاتێك دا چاوی خەڵكیان لەسەر نیە لە خوا ‏‏دەترسن و خۆیان لە تاوان بە دوور دەگرن، لێخۆشبوون و پاداشتی زۆر گەورە چاوەڕوانیان دەكات كە ‏بریتیە لە ‏بەهەشتێك پانتاییەكەی ئەوەندەی پانتایی ئاسمانەكان و زەوییە و ئەوەی نەفس حەزی لێبكات و ‏چاو پێی ‏ئۆقرە بگرێت تێیدایە و بەهەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە.‏
‏ [پاداشتی خوێندنی سورەتی مولك] 
‏1. پێغەمبەری خوا (‏صلى الله عليه وسلم ‏) فەرموویەتی:‏
‏ [سورة من القرآن ثلاثون آية تشفع لصاحبها حتى تغفر له (تبارك الذي بيده الملك) ] 
‏ (صحيح الجامع: رقم 2027).‏
واتە: سورەتێك هەیە لە قورئاندا سی ئایەتە شەفاعەت و تكا بۆ خاوەنەكەی دەكات تاوەكو خوا سبحانە ‏لێی ‏خۆش دەبێت ئەم سورەتەش بریتیە لە (تبارك الذي بيده الملك).‏
‏2. (ابن مسعود) خوای لێ ڕازی بێت فەرموویەتی:‏
‏(هي المانعة بإذن الله – عزوجل - من عذاب القبر) (إسناده حسن / السلسلة الصحيحة: رقم 1140).‏
واتە: ئەم سورەتە ڕێگرە لە سزای گۆڕ.‏
‏3. (جابر)ی كوڕی (عبدالله) دەفەرموێت: " كان رسول الله لا ينام حتى يقرأ (ألم تنزيل) السجدة، و (تبارك ‏الذي بيده الملك) (صححه الألباني في السلسلة الصحيحة: رقم 585).‏
واتە: پێغەمبەری خوا (‏صلى الله عليه وسلم‏) نەدەخەوت تاوەكو ئەم سورەتەی نەخوێندایە (السجدة) و (‏الملك).‏
ئایا لە دوای بیستنی ئەم فەرموودانە دڵت داوای خوێندنی ئەو سورەتەت لێدەكات ؟‏
ئەگەر (بەڵێ‌) ئەوە نیشانەی زیندوویەتیەتی و بەقسەی بكە و شەوان پێش خەوتنت بیخوێنە بۆ ئەوەی لە ‏‏سزای گۆڕ ڕزگارت ببێت و شەفاعەتت بۆ بكات.‏
ئەگەر (نەخێر) ئەوە نیشانەی نەخۆشیەتی بۆیە هەستە بە چارەسەركردنی پێش ئەوەی بمرێت.‏
والحمدلله والصلاة والسلام على رسول الله